حیسابە بانکییەکانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی بلۆک کران

21:45 - 2 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروە سەرجەم حیسابە بانکییەکانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی بلۆک کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی رێبەندان، دایک و باوک و برایەکی ئەنوەر حوسێن پەناهی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروە کراون و پێیان راگەیاندوون کە حیسابە بانکییەکانیان بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات بلۆک کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان بڕی ١٠ میلیۆن تمەن پارەیان لە حیسابی بانکی ئەنوەر حوسێن پەناهی کە لەلایەن برایەکیەوە خرابووە سەر حیسابە بانکییەکەی، بلۆک کردووە.

کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە ئاماژەی بەوەدا، هێزە ئەمنیەتییەکان بە مەبەستی گوشار و هەڕەشە بۆسەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی دەستیان بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار هێزە ئیتلاعاتیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢ برای ئەنوەر حوسێن پەناهییان بە ناوەکانی \"شێرزاد و فایەق حوسێن پەناهی\" خەڵکی گوندی \"قوڕوچا\"ی سەربە شاری دێولان دەستبەسەر کردبوو.

هەروەها رێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار \"سیروان حوسێن پەناهی\"یش خوشەکەزای ئەنوەر حوسێن پەناهی خەڵکی گوندی \"قوروچا\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستبوو.