حیزبی دێمۆکرات هێرشی هێزەکانی ئاسایشی بۆ سەر ئەندامانی حیزبەکەی، مەحکووم کرد

15:03 - 13 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە روونکردنەوەیەکدا هێرشی هێزەکانی ئاسایشی شاری کۆیەی بۆ سەر بنەماڵەکانی ئەو حیزبەی مەحکووم کرد.

حیزبی دێمۆکرات لەو روونکردنەوەیەدا داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکیەتیی نیشمانی کوردستان کردووە هەنگاوی جیددی بۆ كۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسووكەوتانە هەڵبگرن.

بڕیارە حیزبی دێمۆکرات کاتژمێر ٤ی پاشنێوەڕۆ لە بنکەی سکرتارییەتی ئەو حیزبە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو هێرشە روونکردنەوە بدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون رۆژی سێشەممە، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە هێزی ئاسایش و دژە تیرۆری سەربە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەموچاوی داپۆشراوەوە هێرشیان کردۆتە سەر کەمپی ئە وحیزبە لە شاری کۆیە و ئەندامانی ئەو حیزبەیان داوەتە بەر لێدان و سووکایەتی پێکردن.

حیزبی دیمۆکرات لەو روونکردنەوەیەدا کە بڵاوی کردۆتەوە، باسی لەوە کردووە، \"ئەوە یەکەمجار نییە هێزەکانی ئاسایشی شاری کۆیە هێرشیان دەکەنە سەر، بەڵام بەرپرسانی حیزبی دێمۆكرات بۆ ئەوەی گرژی‌و ئاڵۆزی روو نەدا هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان داوە\".

پێشتر چالاکانی سیاسیی سەربە حیزبی دیمۆکرات هۆشداریی ئەوەیان دابوو، کە \"بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکەوە دوور نییە حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە لەلایەن سوپای قودسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها دۆستە خۆشفەرمانەکانیانەوە هێرشیان بکرێتە سەر\".

روونكردنەوەی سكرتاریای حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران:
سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە ١٢/١٢/١٣٩٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ٣/٣/٢٠١٥ی زایینی بە دوور لە هەرچەشنە پرنسیپێكی یاسایی‌و مەدەنی ‌و بە بیانووی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵە هێزێكی هاوبەشی ئاسایش‌و پۆلیسی كۆیە هێرش دەكەنە سەر كەمپی ئازادی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە‌و بێ ریزێكی زۆر بە ژن‌و منداڵ‌و كادر‌و پێشمەرگەكانی حیزب دەكەن.

ئەمە یەكەمجار نییە كە هەڵسووكەوت‌و هێرشی لەم چەشنە لە لایەن هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایشی شاری كۆیە بە نیسبەت حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجام دەدرێ‌‌و هەرجارە بەرپرسانی حیزبی دێمۆكرات بۆ ئەوەی گرژی‌و ئاڵۆزی روو نەدا هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان داوە، بەڵام ئەمجارەیان هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس لێدان‌و بێحورمەتییەكی زۆریان بە ژنان‌و منداڵان‌و هەروەها كادر‌و پێشمەرگە كە لە شوێنەكە بوون كردووە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەم هەڵسووكەوتەی هێزەكانی كۆیە بە تەواوی مەحكووم دەكات‌و داوا دەكات كە ناوەندەی بڕیاربەدەستەكانی حكوومەتی هەرێم‌و هەروەها بەرپرسانی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان كە لە شاری كۆیە دەوری سەرەكی لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەكە دەگێرن هەنگاوی جیددی بۆ كۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسووكەوتانە بێنن. هەر لەوكاتەدا داوا لە بیرورای گشتی‌و بەتایبەت خەڵكی بەشەرەفی كۆیە دەكەین بەرامبەر بەم بێحوورمەتییانە بێ‌تەفاوت نەبن. بۆ ئەوەی هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس كە دەبی پارێزەری حورمەت‌و كەرامەتی خەڵك بن خۆیان خۆلقێنەری رووداوی لەم چەشنە نەبن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سكرتاریا
١٣/١٢/١٣٩٣ی هەتاوی
٤/٣/٢٠١٥ی زایینی