حیزبوڵڵای كرماشان لەهەوڵی داخستنی پیشانگەی هونەریی \"كورد\"‌دایە

20:50 - 27 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای كرانەوی پیشانگەیەیی تایبەت بە وێنە لەشاری كرماشان \" ئەنساری حیزبوڵڵای\" ئەو شارە بێ حورمەتیان بە بەڕێوەبەرانی ئەو چالاکییە کرد و هەوڵی تێكدان و داخستنی پیشانگەكەیان دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارشەممە گرووپی \"ژاو\" پیشانگەیەكی تایبەت بە وێنەیان لە زانكۆی عیلمی- كاربوردیی شاری كرماشان كردەوە و ئەو چالاكییە هونەرییە لەگەڵ دژكردەوەی حیزبوڵڵا و بەسیجییەكانی ئەو شارە بەرەوڕوو بوویەوە.

یەكێک لە بەشدار بوانی پیشانگەكە بە هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، \"لەگەڵ دەستپێكی كرانەوەی پیشانگەكە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبوڵڵا رژانە نێو ساڵۆنەكە و وێڕای بێ‌حورمەتی بە سپۆنسەری ئەو پیشانگەیە، لە هەوڵی تێكدان و شێواندنی بەرهەمە هونەرەكانیشدا بوون\".

ئەو بەشدار بووە وتیشی: \"تەنانەت بەسیجی و حیزبوڵڵاییەكان بە ئەنقەست دەستیان بە گریان دەكرد و هاواریان دەكێشا و ئەوەش باری دەروونی هاووڵاتییانی تێک دابوو\".

ماوەیەک لەمەوبەر ماڵپەڕەكانی نزیک بە حیزبوڵڵای كرماشان، كردنەوەی پیشانگەی لەم چەشنەیان بە \"بێ‌ئەخلاقی\" و \"موبتەزەل\" وەسف كردبوو.

ئەنساری حیزبوڵڵای کرماشان بە بیانووی ئەوەیکە وشەی\"کورد\" بۆناوی ئەو پیشانگەیە \"بێڕێزی کردنە بە قەومی کورد\"، هێرشیان بردۆتە سەر پیشانگەکە و لە رۆژانی رابردووشدا ماڵپەڕەکانی سەربە ئەو ناوەندە حکوومەتییە، وشەی \"کورد\"یان بۆ ناوی پیشانگەکە وەک بێڕێزی کردن بە گەلی کورد وەسف کردبوو.

گرووپی \"ژاو\" ئەو پیشانگەیەیان بە مەبەستی پشتیوانی لەخەڵكی شنگاڵ و هەروەها ناساندنی زیاتر ژیانی كوردەواری كردۆتەوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

\"22156.jpg\"
١٥ هونەرمەندی ناسراو لەو پیشانگەیەدا بەرهەمەی وێنەگری خۆیان نمایش كردووە.

حیزبوڵڵای كرماشان داوایان لە ناوەندە ئەمنیەتی ـ ئینتزامیەكانی ئوستان كردووە بە زووترین كات دژكردەوەیان بە نیسبەت ئەو پیشانگەیەوە هەبێ‌و دەشڵێن وێنەكان شایانی كۆمەڵگەیەكی ئیسلامیی نین.

گرووپی ناسراو بە \"ئەنساری حیزبوڵڵای كرماشان\" پێشتریش بێڕێزییان بە دوو هونەرمەندی ناسراوی كورد مامۆستا حەسەن زیرەک و مەزهەر خالەقی كردبوو.

ئەو گرووپە توندڕەوە، مامۆستا خالەقی و مامۆستا حەسەن زیرەكیان بە \"تاغووتی، هەلپەرەست و گڵاو \" لەقەڵەم دابوو.

حیزبوڵڵای كرماشان لە نامەیەكی هەڕەشە ئامێزدا بێ‌حورمەتیان بە ناسر رەزازی هونەرمەندی ناوداری كوردیش كردبوو.

هەر چەندە كە دەوڵەتی یازدەیەم لە هەوڵی كۆنترۆڵ كردنی حیزبوڵڵا دایە و دژایەتی خۆی لەگەڵ گەشتی سەیار لە ناو شارەكانی ئێراندا دەربڕیوە، بەڵام ئەو گرووپە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٦ی خەرمانان قۆناغی دووەمی جێبەجێ‌كردنی بڕیارەكانیان راگەیاندووە و سەرقاڵی ئەندامگیرین و بەوتەی خۆیان شەقامەكان لە \" لات و لووت و خراپكارەكان\" پاک دەكەنەوە.

حیزبوڵڵا ماوەیەک لەمەوبەریش كۆبوونەوەیەكی بە پاركی میللەتی تاران بە دژی \"بێ‌حیجابی\" پێک هێنابوو و ئەمە لەحاڵێكدا بوو كە ئوستانداری تاران بێ‌ئاگایی خۆی لە مۆڵەتی ئەو كۆبوونەوەیە دەربڕیبوو.

ستادی ئیجرایی ئەنساری حیزبوڵڵا رایگەیاندبوو، ئەو گرووپە هەڵەكانی لەسەرجەم شارەكانی ئێران چڕتر دەكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئیزن لە دەوڵەت وەرناگرێ‌و تەنیا لەژێر بڕیارەكانی سپای پاسدارندا كار دەكات.

جەخت كردنەوەی ئەو گرووپە سەبارەت گەشتی سیار و بەرین كردنەوەی چالاكییەكانی لەحاڵێكدایە كە بێجگە لە بەرپرسانی دەوڵەتی یازدەیەمی رۆحانیدا، عەلی لاریجانی سەرۆكی مەجلیسیش دژایەتی لەگەڵ چالاكییەكانی حیزبوڵڵا دەربڕیبوو.

وێنــه: تەزیینی