حیراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی بانە ژمارەیەک لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی قوتابخانەی بانگهێشت کرد

12:04 - 12 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، حیراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی بانە ژمارەیەک لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی قوتابخانەی بانگهێشت کرد.

بە وتەی یەکێک لە مامۆستایانی شاری بانە، عەلیڕەزا موەحدی، بەرپرسی حیراسەتی پەروەردە و بارهێنانی بانە، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ بەرپرسانی قوتابخانەکان، هەڕەشەی لەو مامۆستایانە کردووە کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریان کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، هیزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە هێرشیان کردبووە سەر یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری بانە کە لەگەڵ ڕێگریی فەرمانبەرانی ئەو قوتابخانەیە بەرەوڕوو بوونەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، پاس بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی ئێران بۆ دووهەمین کەڕەت لە مانگی بانەمەڕدا، مامۆستایان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە سەرتاسەری ئێران بە مەبەستی بەدەستهێنانی داواکارییەکان بەڕێوە برد.

لەو پەیوەندییەدا ئەسکەندەر لوتفی، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، سەلاح سوورخی ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.