حکوومەتی ئێران پێش بە چالاکیی سیاسی و فەرهەنگیی کوردەکان دەگرێت

20:26 - 8 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕاپۆڕتی نوێی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئێران، دەرخەری پێشل کرانی مافی مرۆڤ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و قەزاییەکانە.

بەپێی هەواڵی گەیستوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی حکوومەتی لە ئێراندا، لە لایەن ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی دەڕبڕینەکان تاوانبار کران.

هێزە ئیتلاعاتی، ئەمنیی و قەزاییەکان، بەپێی ڕاپۆڕتی ساڵی ٢٠١٥ی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، ئەنجامدەری سەرەکیی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤن.

ئەو ڕاپۆڕتە جیهانییە ڕۆژی ڕابردوو لە ٦٥٩ لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە و لەمەڕ ئێرانیش ڕادەگەینێ: \"گرووپە ئتنیکییەکان، چ لە یاسادا و چ لە کردەوەش‏دا، بەرەوڕووی هەڵاواردن بوونەتەوە\".

لە درێژەی ڕاپۆتەکەدا هاتووە کە؛ \"پێش بە گرووپە ئتنیکییەکانی وەکوو کورد، بەلووچ و عەرەب بۆ ئەنجامدانی چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی دەگیردرێت و دەیان نەفەر لە چالاکانی سیاسی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بە هۆی چالاکیی ئاشتیخوازانە و یان تایبەت بە پیشەکەیان لە دەستبەسەری‏دان\".

ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، ناوی ڕێکخراوێکی ناحکوومیی نێودەوڵەتی لە ئەمریکایە کە توێژینەوە و بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات.

ڕاپۆڕتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوە دەنووسێ کە؛ بەکارهێنەری ڕاگەینە کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانان، لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانەوە تووشی سزای توند دەبن و ڕێژەی لەسێدارەدانەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، زیادی کردووە.

لێپرسراوانی ئێران، لانیکەم ٨٣٠ کەسیان تا سەرەتای مانگی نۆڤامبر لە زیندانەکاندا، لەسێدارە داوە.

سارا لی ویتسوون، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، گوتوویەتی کە؛ \"هێزە ئەمنییەکان لە درێژایی ئەم ساڵانەدا، بە پارێزراویی تەواوەوە خەریکی سەرکوتی ئازادییە بنەڕەتییەکان و ئازار و ئەزیەتی خەڵکیی بوون\".

سەبارەت بە ژنانیش دەنووسێ: \"ژنان لە زۆر لایەنی ژیانەوە کە پێوەندیی بە باری کەسیەتییەوە هەیە، وەکوو هاوسەرگیری، تەڵاق و میرات، بەرەوڕووی هەڵاواردن بوونەتەوە\".

شەپۆلی گەورەی پەناخوازان و لێکەوتەکانی، یەکێ لە بابەتەکانی ڕاپۆڕتی ٢٦ی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤە کە ڕایدەگەیەنێ: \"ترس و دڵەڕاوکێ لە هێرشی تیرۆریستی و زۆربوونی پەنابەران، بووەتە هۆی پاشەکشەی مافی مرۆڤ لە ئورووپا و دیکەی ناوچەکانی جیهان\".

ڕێکخراوی ناحکوومیی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، یەکێک لە مەزنترین و ناسراوترین ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە لە جیهاندا و وەک ڕکەبەرێک بۆ ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی هەژمار دەکرێت.