حکوومەتی ئێران لە کوردستان، کەسانی خوازیار بۆ شەڕ لەگەڵ داعش ناونووسی دەکات

14:43 - 29 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە سیاسی – ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان، بۆ شەڕ لەگەڵ \"داعش\"، خوازیارانی بەشداریکردن لەو شەڕەدا ناونووسی دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دوو شاری کرماشان و ئیلام، فەرماندارییەکان سەرقاڵی ناونووسیی کەسانێکن کە بە شێوەی دڵخواز ئامادەن بەرەوڕووی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی دەوڵتی ئیسلامی لە عێراق و شام ببنەوە.

ئەو ناوەندە حکوومەتییە لە کاتی ناونووسیی کەسانی خوازیاری بەشداریکردن لەو شەڕەدا باس لە \"شەڕی پیرۆز لەگەڵ \"گرووپە کافر و گومڕاکان لە عێراق\" دەکەن، کە مەبەستیان رووداوەکانی ئەم دواییانەی عێراق و تێکهەڵچوونە تایفی و دەستە و تاقمە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەیە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کرماشان، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەوڵەکانی فەرمانداری بۆ ناونووسیی خوازیارانی بەشداریکردن لە شەڕ لە وڵاتی عێراقدا، رایگەیاند: دوابەدوای قەیرانی داعش و فتوای ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ هەڵگرتنی چەک و بەرنگاربوونەوە لەگەڵ هیزەکانی داعش، لێپرسراوانی ئایینیش لە ئێران، لە شارەکانی ئیلام و کرماشان هاووڵاتییانی کوردی شیعە بۆ ناونووسی و رۆیشتن بۆ بەرەکانی شەڕ هان ئەدەن.

لەو راپۆرتەدا هاتووە، لە کاتی ناونووسیدا بری ٢ ملیۆن تمەن پارەی نەختی بە کەسەکە دەدرێت.

ئیدارە دەوڵەتییەکان، ئەو ناوەندانەیان لەژێر ناوی \"ستادی دیفاع لە هەرێمی شیعەکان\" کردۆتەوە.

لە شاری ئیلامیش ئەو ناونووسییە لە فەرمانداریی ئەو شارە ئەنجام ئەدریت و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئێستادا تەنیا عەرەبەکانی دانێشتووی ئوستانی کوردنشینی ئیلام ناونووسی دەکرێن.

هاووڵاتییەکی کورد لە ئیلام، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو بنکەی ناونووسییانە بە ئاگاداری و هاوئاهەنگیی سوپای پاسداران و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە کراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ناونووسیی خوازیارانی بەشداریکردنی شەر لە وڵاتی عێراق، ماڵپەڕێکی ئینتێرنێتیش بۆ ئەو مەبەستە دەستی بەکار کردووە.

ماڵپەڕی تابناک، باسی لە ناونووسیی ٥ هەزار کەسی خوازیاری بەشداریکردنی شەڕ لە وڵاتی عێراق و \"شەڕ لەگەڵ گروپە کافرەکان\" کردووە.

دوو رۆژ پێش ئێستا میدیا ناوخۆییەکانی سەربە دەوڵەتیش، هەواڵی کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسدارانیان لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ هێزەکانی داعش بڵاو کردبوویەوە.