حکوومەتی ئێران زیندانییەکی سیاسیی کوردی ئێعدام کرد

21:27 - 19 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: محەممەد عەبدوڵڵاهی، چالاکی سیاسیی زیندانی کراو، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە، ١٩ی گەلاوێژ، محەممەد عەبدوڵڵاهی لە نێو زیندانی \"دەریا\"ی ورمێ‌دا ئێعدام کرا.

ناوبراو کە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٨٩ی هەتاوییەوە لە زینداندایە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی قەزایی_ ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدام کردنەکەی بەڕێوەچوو.

\"حکومتئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو، بۆ دوایین جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت و بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، تەرمی محەممەد عەبدوڵڵاهی ئێستا لە ساردخانەی نەخۆشخانەی ئیمام خومینی ڕاگیراوە.

ماڵپەڕی مافی مڕۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند: محەممەد عەبدوڵڵاهی لە کاتی گواستنەوەی‌ لە ژووری تاکەکەسیی ژمارەی ٦ەوە، هەتا شوێنی ئێعدام کرانەکەی، سروودی شۆڕشگیرانەی وتووەتەوە.

هەروەها مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری عەبدوڵڵاهی، هەتا دوایین کاتی لەسێدارەدانی، سزای بریگرتەکەی بە نادادپەروەرانە و پڕلە کەم و کۆڕی زانی و خەمساردیی ڕەوتی قەزایی بە هۆکاری دەرچوونی حوکمی بریگرتەکەی ناو برد و پێداگری لەسەر بەڕێوەنەچوونی ئەو حوکمە کرد.

پێشتر و لە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ئەمساڵدا ڕاگەیەنرا، کە مانگرتنی محەممەد عەبدوڵڵاهی بۆ پێڕاگەیشتن و دادگایی کردن بە ئاکام گەیشتووە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

دیوانی باڵای وڵات لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەڕێوەچوونی بڕیارەکانی زیندانی مەهابادی لەسەر محەممەد پشتڕاست کردبووەوە.

هاوکات لەگەڵ ئێعدام کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پێنج کەسی دیکە بە تاوانی پەیوەندییدار بە کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر لەسێدارە دران.

شوناسی ئەو پێنج زیندانییە کوردە بریتییە لە،کامران پوورفەت(پیرانشار)، توحید پوور مێهدی(ورمێ)، جوبرەئیل کەنعانی، جەهانگیر ڕەزەوی زادە(ورمێ) و ئومید عەزیزی (مەهاباد).

حەوتوویەک پێشتر، نزیکەی ٢٥ زیندانیی عەقیدەتیی کورد، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران کە لەگەڵ دژکەردەوەی جیهانی بەرەوڕوو بووەوە.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی کورد، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ، زیندانییەکی دیکەی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری میاندواو بە تاوانی پێوەندیدار بە مادەی سڕکەر لە سێدارە درا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی،\"یوونس تەیمووری \" تەمەن ٣١ ساڵە کوڕی تەها، ڕاگەیەنراوە.

ناوبراو خێزاندارە و لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٤ی هەتاوی‌دا، دەستبەسەر کراوە.