حکوومەتی ئێران خەریکی تێکدانی شوێنەواری ئێعدام کراوەکانی ساڵی ٦٧ـە

15:32 - 11 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو ڕێكخراوی مافی مرۆیی لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە هەوڵەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بۆ تێکدانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێعدام کراوانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی \"اختفای جنایت\" تێکدانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێعدام کراوانی دەیەی ٦٠ لە لایەن حکوومەتی ئێران\"ـەوە ڕایانگەیاندووە \" بەڵگەی نوێ بە تایبەتی وێنەی مانگە دەستکردەکان، گرتە ویدیۆیی و وێنەکان نیشان دەدەن کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە حاڵی تێکدانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانن کە شیمانەی ئەوە دەکرێت پەیوەندیی بە ئێعدام کراوانی ساڵی ٦٧ هەتاوی بێت.

لە ڕەوتی کوشتاری ساڵی ٦٧، هەزاران زیندانی بە هۆکاری سیاسی دەسبەسەر و بێسەروشوێن کران و بە شێوەی نایاسایی ئێعدام کران\".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، \"اختفای جنایت\" تێکدانیدانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کوژراوانی ساڵی ٦٧ لە لایەن حکوومەتی ئێران \" ڕاپۆرتێکە باس لە هەوڵەکانی بەرپرسانی ئێران بۆ تێکدانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکات.

ئەم هەواڵانە باس لە ساف کردنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە ڕێگای بۆڵدێزر، دروستکردنی جاددە و بینا، کۆکردنەوەی پاشماوەی زبڵ و خاشاک یان دروستکردنی گۆڕی نوێ لە شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکات.

\"فیلیپ لوتێر\"، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت: \"جینایەتە ئەنجامدراوەکان لە ڕەوتی کوشتاری ساڵی ساڵی٦٧ وەکوو برینێکە کە سەرەڕای سێ دەیە تێپەڕین بە سەر ئەو برینە، هێشتا ساڕیژ نەبووەتەوە. بەرپرسانی ئێران بە لەناوبردنی بەڵگەکان و شوێنەوارەکانی ئەو جینایەتە، لە هەوڵی پەردەپۆش کردنی ئەو جینایەتە دان\".

\"شادی سەدر\'\'، بەڕێوەبەری دادپەەروەری بۆ ئێران لەو باوەڕەوە وتی: \"شوێنی تاوانەکە دەبێت هەتا کاتی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی سەربەخۆ و پێویست بۆ دیاریکردنی شوناسی کوژراوەکان و بەدواداچوونە یاساییەکانی سەربەخۆ و پێویست، بۆ ناسینی شوناسی کوژراون و تێگەیشتن لە چۆنیەتی ڕووداوەکە بە شێوەیەکی دەست لێ نەدراوە بپارێزرێن.