حکوومەتی ئێران بە کەمترین مافی مرۆڤ پێبەند بێت

21:08 - 25 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، داوا دەکات کۆتایی بە سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان بهێنن و ڕێز لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک ئێران بگیرێت.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیندراوێکدا داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە، کە بە کەمترین مافە مەدەنی و شارومەندییەکانی خەڵکی ئێران پێبەند بن.

لەم ڕاگەیندراوەدا هاتووە: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە خۆمان بە بۆنەی گیان لەدەست دانی دەیان هاووڵاتی و دەسبەسەر و زیندانی کردنی هەزاران ناڕازیی مەدەنی، لە مافی خەڵکی ئێران لە ناڕەزایەتیی مەدەنی بەبێ توندوتیژی و هەروەها دەربڕینی ویستە سیاسی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بەپێی بنەماکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ داکۆکی و پشتیوانی دەکەین.

دەقی ئەم ڕاگەیندراوە کە بە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

هەروەها کە هەموو ئاگادارن، لە میانەی دوایین ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی سەر شەقام لە ئێران و هاوکات سەرکوتەکان بە شێوەیەکی توندوتیژ، بەتایبەت لە سێ حەوتووی ڕابردوودا هەزاران کەس دەسبەسەر کراون و دەیان کەسیش گیانیان لە دەست داوە. بەپێی هەواڵی ڕاگەیندراوی هەواڵدەرییەکان و پەسەند کردنیان لە لایەن سەرچاوەکانی حکوومەتییەوە، هەتا ئێستە نزیک بە چوار هەزار کەس دەسبەسەر و زیندانی کراون و لانیکەم ٢٨ کەس لە هاووڵاتییان بە هۆی توندوتیژی و سەرکوت گیانیان لە دەست داوە. هەر بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، ٦ کەسیان لە کاتی لێپرسینەوە و دەسبەسەریدا گیانیان لە دەست داوە.

خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانە کە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوە چوون، بە هۆی کەڵکاژۆ کردنی سیاسەتی حكوومەتیی، نابەرپرسایەتی و ئاکارە نابەجێیەکانی ناوەندە ئەمنییەتی و قەزایییەکان لەگەڵ هاووڵاتییانی ئێراندا کە ئاکامەکەی بێکاری و هەژاری و ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە داوێنی بنەماڵەکانی گرتووەتەوە، هەڵاواردن و نادادپەروەرییەکان. گەندەڵی فراوان لە نێو حكوومەت، بەفیڕۆدانی سامانە گشتییەکانی وڵات لە دەروەی سنوورەکانی ئێران، سەرکوتە سیاسی و مەدەنییەکان، فەزای ئەمنییەتی و سانسۆر بە شێوەی گشتی و بەردەوام، سەرکوت کردنی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتییە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای بەداخ بوونی بۆ گیانبەختکراوان و قوربانیان و دەیان هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو و گرتنی هەزاران خۆپیشاندەری مەدەنی، پشتیوانی لە خۆپیشاندانە مەدەنییەکانی بە دوور لە توندوتیژی و دنەدانی ویستە سیاسی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵك دەکات.

ئەم ڕێکخراوە داوا لە دەوڵەت و حکوومەتی ئێران دەکات، کە توندوتیژییەکان ڕاگرێت و ڕێز لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران بگرێت و داوای جێبەجێ کردنی ئەم خاڵانە دەکات:

١.ئامارێكی فەرمی و ورد لە بارەی گیرا و قوربانیان بڵاو بکاتەوە

٢. ڕاگرتنی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییان و بە زووترین کات زیندانییان ئازاد بکرێن.

٣. ڕاگرتنی بەدواداچوونە ئەمنییەتی و قەزایییەکانی خۆپیشاندەرانی مەدەنی.

٤. پێکهێنانی کۆمیتەیەکی بێلایەن بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بە مەبەستی پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر هۆکاری مردنی قوربانیانی دەسبەسەرکراو و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بۆ خێزانی قوربانیان و خەڵکی ئێران.

٥ـ پێشگرتن بە توندوتیژی و سەرکوتەکانی دەوڵەت و هەوڵدان بۆ بە فەرمی ناسینی مافی خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان.

٦ـ کۆتایی هێنان بە سانسۆر و سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین و لابردنی فیلتێر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتێرنێت

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، داوای لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکات بە دابین کردنی ئەو داواکارییانەی کە لە سەرەوە باس کراون و پێدانی لانیکەمی مافە یاسایی و مرۆیییەکان بە خەڵکی ئێران.