حکوومەتی ئێران بە نیسبەت پرسی مین لە کوردستاندا کەمتەرخەمە

16:17 - 26 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ لە کۆتایی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئیران و عێراقدا، ناوچەکانی ئالوودە بە مین لە کوردستان بەردەوام گیان دەستێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەزاران مینی بەجێماو لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق ئێستا لە کوردستان هەڕەشە لە ژیانی خەڵک دەکەن و هەتا ئیستا حکوومەتی ئێران بوودجەیەکی بۆ پاکسازیی ئەو ناوچە ئالوودە بە مینانە لە کوردستان، دابین نەکردووە.

چالاکێکی بواری پاکسازیی مین لەو بارەیەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە، حکوومەتی ئێران توانایی دابینکردنی بووجەی بۆ پاکسازیی ناوچە ئالوودە بە مینەکان نییە و هەتا ئێستا هیچ گرینگیەک بە پرسی مین لە کوردستاندا نادات.

ئەو چالاکەی بواری پاکسازیی مین کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی: \" دەیان هێکتار لە شارەکانی لە شارەکانی سەقز، دیواندەرە، کامیاران، سەوڵاوا، سنه، مەریوان، بانە، پیرانشار و سەردەشت ئالوودە بە مینن کە ٥٠٠ هێکتار پێویستیان به پاکسازیی زۆر خێرا هەیە.

ناوبراو بە نیبسەت جێبەجێ بوونی مین و کەرەستەکانی شەڕ بە هۆی بارانەکانی ئەم دواییانە هۆشداری دا.

لەو پێوندییەدا، بە هۆی بارینی بارانەکان هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی مەریوان، مەلەکشاهی، دێلۆران، گێڵانغەرب، ئیلام و مێهران شایەتی ئەوە بوونە کە باران مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی لەگەڵ خۆی هێناوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتی ئاڵوودە بە مین لە ئاستی دنیا دایە. ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە ئێراندا ئاڵوودە بە مینه کە ١٦ میلیۆن مین مەزندە کراوە.