حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانییەکی سیاسی لەسێدارە دا

21:39 - 11 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شاری ئابادان لە ئوستانی ئەهواز، کە بە تۆمەتی لایەنگری لە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران سزای لەسێدارە درانی بۆ بڕابوویەوە، حوکمی لەسێدارەدانەکەی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، غوڵامڕەزا خوسرەوی سەوادجانی، کە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی بە تۆمەتی لایەنگری لە رێکخراوی موجاهیدن دەستبەسەر کراو دواتر لە رەوتێکی دوورودرێژی قەزایی‌دا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە تەمەنی ٤٩ ساڵیدا لە زیندانی رەجایی شار لەسێدارە درا.

غوڵام‌ڕەزا خوسرەوی، کە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی تەلەفزیۆنی \"سیمای ئازادی (تەلەفزیۆنی زمانحاڵی موجاهیدنی خەڵق)\" دەستبەسەر کرا، لە دادگای ئینقلابی رەفسەنجاندا بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری و سێ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراو بەهۆی ناڕەزایەتیی دادستانی کرمانەوە حوکمەکەی بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری زیاد کراو سەرئەنجام پاش ئەوەی دۆسیەکەی رەوانەی تاران کرا، سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوەو ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات پشتراست کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، کە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویش دەستبەسەر و بۆماوەی ٥ ساڵ زیندانی کرابوو، ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی پاش دەستبەسەر کران بۆ ماوەی ٤٠ مانگ لە ژووری تاکەکەسی‌دا بووە و لەو ماوەیەدا بە توندی لەژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەدا بووە.

لەو پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو زیندانییە سیاسیە لە کاتێکدا حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەڕێوەچووە، کە هیچ‌کام لە پارێزەرەکانیناوبراو (شیما قووشە و عەبدولفەتاح سوڵتانی) ئاگاداری بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە نەبوونەو بەیانیی ئەمڕۆش لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکراوە، لە دیمانە و لێدوان بۆ میدیاکان خۆ ببوێرن.