حکوومەتی ئیسلامی، ٤ چالاکی سیاسیی کوردی رەوانەی زیندان کرد

19:49 - 27 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دوو شاری سەقز و بۆکان، حوکمی زیندانیی تەعزیری بۆ ٤ لاوی کورد بڕییوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ لاوی کوردی خەڵکی ناوچەی سەقز، کە حوکمی ٩ مانگ زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕابوویەوە، رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سەقز کران.

ماوەیەک پێش ئێستا هیوا ئازەری تەمەن ٢٨ ساڵ و کوری ئیسماعیل، محەمەد قانعی تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی محێدین و سالار ئازەری تەمەن ٢٦ سال و کوڕی حوسێن، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە هەر کام بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری حوکم دران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاند؛ ئەمڕۆ شەممە، رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار ئەو سێ لاوە کوردەی خەڵکی گوندی مەڵقەرەنیی سەربە شاری سەقز، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سەقز کران.

ئەو سێ لاوە کوردەی خەڵکی گوندی مەڵقەرەنی، رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن مەئموورانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و دواتریش بە دانانی ١٥٠ ملوێن تمەن بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

\"24235.jpg\"
سەعدی ئارامش لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوکمی ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕاوەتەوە
هاوکات هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان، رایگەیاند؛ یەکێک لە چالاکانی سیاسیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، بە شوناسی سەعدی ئارامش و کوری کەریم، کە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوکمی ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕاوەتەوە، ئەمرۆ شەممە رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری بۆکان کراوە.

ناوبراو لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لە نێو دووکانی مۆبایل فرۆشییەکەی خۆیدا لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بە (ئەندامەتی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی) تۆمەتبار کراون.