حکوومەتی سووریە دژ بە خەڵکی وڵاتەکەی چەکی شیمیایی بەکار هێنا

19:19 - 19 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هیزەکانی ئەرتشی ئازاد رایانگەیاندووە کە حکوومەتی سووریە دژ بە خەڵکی ولاتەکەی چەکی شیمیایی بەکار هێناوە.

چالاکانی دژ بە حکوومەتی سووریە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیيدا بڵاویان کردۆتەوە کە کۆمەڵێک ژن و منداڵی خەڵکی سووریە بە چەکی شیمیایی حکوومەتی سووریە بریندار بوون.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەمەڕ بەکارهێنانی چەک کۆمەڵکوژ لەلایەن حکوومەتی سووریەوە نیگەرانیی خۆیان دەربڕيبوو.

\"10100.jpg\"
هاوکات دژبەرانی حکوومەتی سووریە لە راپۆرتێکدا رایانگەیاندووە کە دەستیان بەسەر رێژەیەکی بەرچاو چەکوچۆڵی حکوومەتی سووریەدا گرتووە کەلە نێوانیاندا چەکی \"شیمیایی\"ش بەرچاو دەکەوێ.

بەپێی ئەو راپۆرتە ئەرتشی ئازادی سووریە ژومارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی حکوومەتی سووریەیان دەستبەسەر کردووە کە چەکی کۆمەڵکوژيیان بە مەبەستی بەکار هێنان پێ بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی سووریە لە نامەیەکدا بە \"بانکی مۆن\" سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندووە، ئەگەر ئێمە چەکی کۆمەڵکوژیشمان لەبەر دەستدا بێت دژ بە خەڵکی وڵاتەکەی خۆمان بەکاری ناهێنین.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتيى حکوومەتی سووریە بڵاوی کردۆتەوە، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەسەر شیرکەتێکی بەرهەمهێنانی \"کولۆری ژەهراوی\"دا گرتووە.

\"10103.jpg\"
ماوەیەک لەمەوبەر باراک ئۆباما راشکاوانە هەڕەشەی لە حکوومەتی سووریە کرد و رایگەیاندبوو: \"بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ هێڵی سوورە و بۆ ئێمە قبووڵ ناکرێت و ئەگەر هەڵەیەکی لەو چەشنە بکەیت دژکردەوەی ئێمە دەبینی و دەبێ لەو پێوەندییەدا وەڵامدەر بێ\".

هەر لەو پەیوەندییەدا بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو، کۆمەڵێک بەڵگە لەبەر دەستی ئێمەدا هەیە کە حکوومەتی سووریە سەرقاڵی ئامادە کردنی گازی \"سارین\"ـه بۆ مەبەستی نیزامی کە ٥٠٠ بەرابەری \"سیانوور\" کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی \"ناتۆ\" لە کۆبوونەوەی بروکسێلدا ئاماژەی بەوە کردبوو: بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لەلایەن سووریەوە دژ بە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی، کاردانەوەی خێرای جیهانی بەدواوە دەبێت.