حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم بۆ ٥ ساڵ زیندان گۆڕدرا

15:27 - 7 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی شاری ورمێ، هەڵوشایەوە و بۆ پێنج ساڵ زیندان گۆڕدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش چەند ساڵ هەوڵدان، سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری مەریوان لە ئەگەری ئێعدام کردن ڕزگاری بوو.

عەزیز موژدەهی، پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: سامان نەسیم لە تۆمەتی \"محاربە\" ڕزگار بوو و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ئازادی ژیانی کوردستان بە پێنج ساڵ زیندانی مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان، لە ڕێگای نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی زیندانی ورمێ بەو زیندانییە سیاسییە کورد ڕاگەیندرا.

پارێزەری سامان نەسیم، پێشبینی ئەوە دەکات، کە سەرەڕای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکی، ناوبراو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد بکرێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ هەڵوەشاندەنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕایگەیاند: \"سامان نەسیم لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەنی لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ناوبراو پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە کە ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە دەبێت پێبەند بێت و ڕێز لەو یاسا نێونەتەوەییە بگرێت.

سامان نەسیم ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، لە شاری مەریوان لەدایک بووە، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٠ و لە کاتێکدا تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی بوو، لە ئەنجامی تێکەڵچوونێکی چەکداریی لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری سەردەشت دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو، کە دواتریش بۆ زیندانی مەهاباد گوازرایەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" و \"ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٢ی هەتاویدا، لە لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵاتەوە وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.