حوکمی ئێعدامی بکوژرانی سادق بەرمەکی لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە

21:54 - 11 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ تاوانباری دۆسیەی بکوژارانی سادق بەرمەکی، لاوی ١٩ ساڵەی مەهابادی، بە قیساس مەحکووم کران و ئەم بڕیارەش لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، پشتڕاست کرایەوە.

مستەفا حەبیبی، دۆزگەری گشتی و ئینقلابی شاری مەهاباد، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"میزان\" وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕاگەیاند: \"هەر سێ کەسی تاوانبار لە دۆسیەی سادق بەرمەکی بە قیساس مەحکووم کراون و ئەم بڕیارەش لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، پشتڕاست کراوەتەوە\".

ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، \"دیوانی باڵای وڵات، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە و بەڵگەکانی پزیشکی یاسایی، حوکمی ئێعدامی بۆ سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی \"کەماڵ ئەسغەری، دانیال دیوانی‌ئازەر و دانیال زین‌عابدین\" بە تۆمەتی کوشتنی \"سادق بەرمەکی\" خەڵکی شاری مەهاباد بڕیەوە و هەروەها \"حوسێن جەهانگیری\" تاوانباری چوار بە تۆمەتی \"بەشداری کردن لە کوشتنی سادق بەرمەکی\" بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کرد\".

ساڵی ڕابردوودا، سادق بەرمەکی، خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن سێ کەسەوە کە خەریکی کێشانی ماددەی \"گوڵ\" بوون، دەکوژرێت و پاش کوژرانی تەرمەکەشی دەسووتێنن.

ئەو سێ کەسە پاش هاتنەوە سەرخۆ، دەچنە شوێنی ڕووداوەکە و دەبینن کە ئەوە لاوە زیندووە بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان بە بەنزین دەیسوتێنن.

تەرمی \"سادق بەرمەکی\" پاش پێنج ڕۆژ بە سووتاویی، لە نێو یەکێک لە دارستانەکانی شاری مەهاباد دۆزرایەوە.