حوکمی ئیعدامی سێ لاوی خەڵکی ئەهواز تەئید کرا

16:18 - 30 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دیوانی باڵای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ئیعدامی سێ لاوی عەرەبی ئەهوازی تەئید کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، دیوانی باڵای حکوومەتی ئێران، حوکمی ئیعدامی سێ لاوی عەرەبی ئەهوازی بە ناوەکانی \"قەیس عەبیداوی\" دەرچووی ڕشتەی حقووق، \"ئەحمەد عەبیداوی\" تەمەن ٢١ ساڵ و \"سەجاد بیلاوی\" خوێندکاری ڕشتەی حقووق سەر بە یەک بنەماڵە تەئیدکرد.

هەواڵدەریی \"موج\" لە زاری غوڵامحوسێن مۆحسێنیی ئێژەیی، وتەبێژی دەزگایی قەزایی ئێران، حوکمی ئێعدامی ئەو سێ لاوە عەرەبەی تەئید کردووە.

ئەو سێ لاوە لە دادگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە شاری حەمیدیە سەر بە پارێزگای ئەهواز بە ئیعدام مەحکووم کراون.

حوکمی ئیعدامی ئەو سێ لاوە عەرەبە دوای ئەوە تەئید دەکرێت کە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئەهواز ١٧ کەسی لەو شاره وێڕای ئەو سێ لاوەی عەرەبەی دیکە دەستبەسەر کردبوو.

هەروەها بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئێران لە ئەهواز داوایان لە بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە عەرەبە کردووە کە شاری حەمیدیە بەجێ بێڵن.

دادگای ئینقلابی شاری ئەهواز ئەو سێ لاوەی بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" بە ئیعدام مەحکووم کردووە و ئەو حوکمەش تەئید کراوە.