حوکمی ئیعدامی زیندانییەکی کورد لە ئارا دایە

21:44 - 11 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ئیعدامی زیندانێکی عقیدەتی کوردی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ناڕەزایەتی کاوە وەیسی کوڕی ئیبراهیم سەبارەت بە دەرکردنی حوکمی ئیعدامەکەی، دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردەوە.
\"\"ئەو هاووڵاتییە کوردە، خێزاندارە و کچێکی هەیە کە لە مانگی پووشپەڕی ٧ ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، بڕینەوەی حوکمی ئیعدامی مامۆستا کاوە وەیسی و ناردنی دۆسیەکەی بۆ بەشی بەڕێوەچوونی بڕیارەکان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، تەئید کراوە.

ئیعدامی ئەو کەسایەتییە عەقیدەتەییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر موقیسە تەئیدا کراوە و لقی ٣٢ دیوانی باڵای وڵاتیش حوکمەکەی بۆ جاری دووهەم تەئید کردووە.

هەروەها دادگای ئینقلابی شاری تاران، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو زیندانی عەقیدەتی دیکەی بە ناوەکانی فەرزاد شانەزەری کوڕی ڕەئووف و تەیموور ناردی زادە کوڕی سەیفوڵڵا دادگایی دەکات.

هۆکاری بانگهێشت و دادگایی کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کە لە ساڵونی ١٠ بەندی ٤ ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوون، ڕەت‌کردنەوەی حوکمی ئیعدامەکانیان ڕاگەیەندراوە.

هێندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان ڕایانەگەیاندووە، هەنووکە زیاتر لە ١٠٠ زیندانیی عەقیدەتی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانی کراون کە حوکمی زۆربەی ئیعدامیی ئەوان لە ئارا دایە.