حوکمی چالاکێکی فەرهەنگیی کورد لە مەشهەد لە دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە

11:52 - 19 بانەمەڕ 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی مەحموود نیرومەند، چالاکی فەرهەنگیی کورد لە گرتووخانەی "وەکیل‌ئاباد"ی شاری مەشهەد، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بۆ دوو ساڵ و ٨ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەشهەد ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی نیزام" بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو و ئەو حوکمەش لە زیندانی "وەکیل‌ئاباد" بە چالاکە فەرهەنگییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، مەحموود نیرومەند چالاکی فەرهەنگیی کورد لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد بۆ زیندانی "وەکیل‌ئاباد"ی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

لقی ٩٠٣ی لێپرسی دادگای ئینقلابی شاری مەشهەد بە سەرۆکایەتی لێپرس عەلی سلێمانی، "محەممەد نیرومەند"ی بە "پرۆپاگەندە دژی نیزام" و "پەیوەندی لەگەڵ گرووپەکانی دژبەری نیزام" تۆمەتبار کردووە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

مەحموود نیرومەند ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد کرابوو.

مەحموود نیرومەند خەڵکی گوندی "پلگەرد" سەر بە بەخشی "لوتف‌ئاوا"ی شاری دەرگز سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و دانیشتووی شاری مەشهەد بووە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە بوارەکانی زمان، فەرهەنگ و هونەری کوردی چالاکی دەکات.