حوکمی پێداچوونەوەی "موژگان کاووسی" دەر کرا

16:33 - 25 رەشەمه 2719

بێ بەڕێوەچوونی دادگای پێداچوونەوە و بێ ئاگاداریی "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی کوردی یارسانی و هەروەها پارێزەرەکەی، حوکمی پێداچوونەوەی ناوبراو دەر کرا.

"موژگان کاووسی" لەمبارەوە لە پەیجی کەسیی خۆی لە ئینیستاگرام ڕایگەیاند کە حوکمی پێداچوونەوەکەی دەر کراوە، بەڵام هێشتا پێی ڕانەگەیەندراوە.

دادگای ئینقلابی "نەوشەهر" لە چەندین مانگ پێشەوە، بێ هێچ ئاگاداری و پێ ڕاگەیاندنێک، حوکمی "ممنوع‌الخروجـ"ـی بۆ ئەم چالاکە کوردە یارسانییە دەرکردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران بۆ دادگای نەوشەهر بانگهێشت کرا و دادگا ئەو ژنە نووسەرە کوردەی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٣٣ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٣٠ مانگ و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کردبوو.

"مۆژگان کاووسی"، لە چالاکانی مەدەنیی کەلاردەشت و لە بوارەکانی فەرهەنگی و هونەریدا چالاکیی هەیە. ناوبراو، ئامادەکار، نووسەر و دەرهێنەری کورتەفیلمی "هیوا"یە کە دێکیۆمێنتارێکی چیرۆکییە لەبارەی مەترسیی لەنێوچوونی زمانی کوردی لە کەلاردەشتدا.