حوکمی هاووڵاتییەکی شنۆیی لە دادگای پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە

16:45 - 30 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شنۆ، لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا کەم کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کوروش عەزیزی" کوڕی "محەممەدئەمین" لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

حوکمی سێ ساڵ زیندانیی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوەتەوە و دەبێ ڕۆژی یەکشەممە، ١ی بەفرانبار، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی شنۆ بناسێنێت.

پێشتر دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بە ناوەکانی "محەممەد ئەمین قازی" کوڕی "کەریم"، "کوروش عەزیزی" کوڕی "محەممەد ئەمین"، "ئەبووبەکر میناپاک" کوڕی "کەریم"، "مەغدید محەممەدزادە" کوڕی "ڕەحیم"، "یووسف ئەحمەدی" کوڕی "عەزیز"، "تەیب بامروەت" کوڕی "محەممەد و "کامیل ئەحمەدی خانلەری" کوڕی "محەممەد"، بە ٢٨ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

بەپێی ئەم حوکمە، هەر یەک لەم هاووڵاتییانە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و بە پێشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ و لێکۆڵینەوەی مەئموورانی دادوەری، بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٤ی یاسای دادڕسی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نێوخۆیی و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسران.