حوکمی هاووڵاتییەک لە دادگای پێداچوونەوەدا زیادی کرد

11:23 - 21 بانەمەڕ 2720

حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شارام کازمیان" لە لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری زیادی کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بەو زیندانییە کوردە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، یەکەمین دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە سەرۆکایەتیی "شێخلوو" لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

"شارام کازمیان" ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.