حوکمی ٥ هاووڵاتیی کورد لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ کەم کرایەوە

11:35 - 9 بانەمەڕ 2722

حوکمی زیندانیی ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحمان ئەسەدی"، "فەرهاد مەعرووفی"، "عوبەید ئەنوەری"، "ڕێبوار چارکداری" و "جەلال قادری‌زا" خەڵکی شاری شنۆ، بە "تەسلیم بە ڕەئی" (تسلیم بە رای)، کەم کرایەوە.

پاش "تەسلیم بە ڕەئی"، ڕەحمان ئەسەدی بە سێ ساڵ زیندان، فەرهاد مەعرووفی بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندان، عوبەید ئەنوەری بە ١٨ مانگ زیندان، ڕێبوار چارکداری بە ٩ مانگ زیندان و جەلال قادری‌زا بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندان، مەحکووم کران.

ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ سەرجەم بە ١٣ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ڕەحمان ئەسەدی بە ٤ ساڵ، فەرهاد مەعرووفی بە ٣ ساڵ، عوبەید ئەنوەری بە ٢ ساڵ، ڕێبوار چارەکداری بە ساڵێک و جەلال قادری‌زا بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوون.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، بە سەرۆکایەتیی "ڕەزایی" ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردەی بە "ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە ساڵی ڕابردوو لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ، بەڕێوە چوو و ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوە ئەو حوکمە بەو ٥ هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئەو پێنج هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

ئەو ٥ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی پار، "جەلال قادری‌زا" کوڕی "عەبدوڵڵا" خەڵکی نەڵۆس، "فەرهاد مەعرووفی" کوڕی "حەسەن" خەڵکی گوندی ئاڵیاوێ، "عوبەید ئەنوەری" کوڕی "ڕەحیم" خەڵکی گوندی ئاڵیاوێ و "ڕێبوار چارەکداری" کوڕی "محەممەد" خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، ڕەحمان ئەسەدی کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێ" سەر بە شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئەمنییەتیی ورمێ ئازاد کرابوو.

وێنە: عوبەید ئەنوەری، ڕەحمان ئەسەدی، جەلال قادری‌زا، فەرهاد مەعرووفی و ڕێبوار چارەکداری