حوکمی لەسێدارەدانی شاکر بێهرووزی لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە
حوکمی لەسێدارەدانی شاکر بێهرووزی، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن لقی ١ی دیوانی باڵای وڵاتەوە، ڕەت کرایەوە.
لە دادنامەیەکدا کە دیوانی باڵای وڵات دەری کردووە، هاتووە: بە سرنجدان بەوەیکە ناوبراو پاش سێ مانگ ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات، خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات ناساندووە و ئەمەش نیشانەی پاشگەزبوونەوەی ناوبراو لە ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات بووە و هەروەها بە سرنجدان بەوەی کە شاکر بێهرووزی بە چەکەوە دەسبەسەر نەکراوە و لەلایەن دادگاوە لە تۆمەتی هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک بێتاوان ناسراوە، بەڵام کردەوەی ناوبراو لە چوارچێوەی مادەی ٢٨٧ی یاسای سزای ئیسلامی بەدەرە و داواکاریی کۆتایی لەگەڵ بەندەکانی (ئەلف و پ)ی مادەی ٤٧٤ی یاسای دادڕەسیی کەیفەری هاوئاراستە ناسراوە و بەپێی بەندی (ب)ی مادەی ٤٦٩ی یاسای ناوبراو، حوکمی ڕاگەیەندراو هەڵدەوەشێتەوە و بەداواداچوون بە دادگا دەسپێردرێت.
پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت" بە سزای لەسێدارەدان مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩، لقی ١ی دادگای کەیفەری ١، تایبەت بە لاوانی ورمێ، لە دۆسییەیەکی نوێدا بە تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" و بە پشتبەستن بە مادەکانی ١، ٢، ٣، ١٤، ١٤٠، ١٤١، ١٤٤، ١٦٠، ١٦٤،١٦٦، ١٦٧، ١٦٨، ٢١١، ٣٠١، ٣٥٠، ٣٥٤، ٣٨١، ٤١٧، ٤١٨، ٤١٩، ٤٣٦ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایەکانی ١٧٨ و ١٧٩ی سوورەی "بەقەرە"، شاکر بێهروزی بە لەسێدارەدان (لەدار دان) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو کە دوابەدوای زۆربوونەوەی مەترسیی لەسێدارەدرانی ناوبراو، سکاڵاکەرانی دۆسییەکە لێی خۆش بوون و ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ، بەڵگەی لێخۆشبوونەکەیان واژۆ کرد.
بەپێی ئەو بەڵگەیە سکاڵەکەران رایانگەیاندووە: "وێڕای پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکەمان، بەبێ هیچ مەرجێکی کەیفەری و یاسایی ڕەزامەندیی خۆمان بە ڕاگیرانی حوکمەکە دەردەبڕێن و داوای کۆتاییهێنان بە دۆسییەکە دەکەین و لە داهاتووشدا هیچ ئیدعایەک بەرانبەر بە ناوبراو ناکەین و ئەگەر داواکارییەکمان هەبوو هیچ ئێعتبارێکی نییە."
شاکر بێهرووزی لە ماوەی دەسبەسەریدا بە تۆمەتەکانی "سنووربەزاندنی نایاسایی، ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپا"، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی یەکی داداگای کویفەریی تایبەت بە مێرمنداڵانی ورمێ، لقی ١٤ی دادگای کەیفەری ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ی داداگای کەیفەری ٢ی کۆمەڵگەی بێهێشتیی ورمێ موحاکمە کرابوو.
ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٩، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە گەلاوێژی ٩٩ لە لقی ٢ی داداگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی "شێخلوو"، بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دادگایی و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٩٩ دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووەوە بۆ ئێران.
ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسیی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.