حوکمی لەسێدارەدانی سامان یاسین لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە

15:39 - 4 بەفرانبار 2722

حوکمی لەسێدارەدانی سامان یاسین (سەیدی)، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان، لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، داواکاریی کۆتایی ئەم هونەرمەندە کوردە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە قەبووڵ کرا و حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەهۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکانی ڕەت کرایەوە.

دیوانی باڵای وڵات لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاندووە: بە سەرنجدان بە کەموکۆڕییەکانی لێکۆڵینەوەکان و بە پشتبەستن بە بەندەکانی مادەی ٤٦٩ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، دۆسییەی سامان یاسین بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی هەمان دادگا کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، سامان یاسین بەهۆی بارودۆخی دژواری ڕاگرتنی لە ساڵونی ٣١ی ئەندەرزگای ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە ڕێگای خواردنی حەبەوە هەوڵی خۆکوژیی دابوو.

سامان یاسین لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا و ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز، لە زیندانی ئێڤین بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، گو‌ێزابووەوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هونەرمەندە ٢٧ ساڵەیە، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە دادگای گشتی و ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" لەگەڵ ٨ دەسبەسەرکراوی دیکە بە ناوەکانی "محەممەد قوبادلوو، مۆحسێن ڕەزازادە قەراقلوو، سەعید شیرازی، محەممەد برووغەنی، ئەبولفەزل مێهری، حوسێن حاجیلوو، مەنوچێهر مێهماننەواز و سۆهەیل خۆشدڵ"، بەڕێوە چووبوو.

سامان یاسین لەو دادگایەدا بە "موحاربە لە ڕێگای تەقەکردن بە دەمانچە و  چەکی ژ٣" و "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی میللی" تۆمەتبار کرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو فیلمەی کە لە دادگادا بڵاو کراوەتەوە، سامان ڕوو لە دادوەر دەڵێت ئەو تەنیا "تفەنگ بادی" (چەکی چۆلەکەکوژ)" پێ بووە. لەم دادگایەدا دادوەر سەڵواتی، سامان یاسین بە هەبوونی ١١ ساڵ سابقەی کەیفەری تاوانبار دەکات و سامانیش ڕەتی دەکاتەوە.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

سامان یاسین هونەرمەندی کرماشانی گۆرانیگەلێکی زۆری سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵایەتی- سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران تۆمار کردووە و هەروەها پشتیوانیی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێرانیش کردووە.