حوکمی لەسێدارە دانی زیندانییەکی کورد لەزیندانی ورمێ پشتڕاست کرایەوە

16:20 - 19 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی زیندانییەکی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، حوکمی لەسێدارەدانی پێ راگەیاندرا، تووشی سەکتەی دڵ بووە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدریس فوولادی تەمەن ٢٧ ساڵ کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر حوکمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە، پاش ئەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو لە دیوانی باڵای پشتڕاست کرایەوە و ئەو حوکمەی پێ راگەیاندرا، تووشی سەکتەی دڵ بووە و لە نەخۆشخانەی ورمێ و لە بەشی \"ئای سی یوو\" لەژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە خێزاندار و باوکی کچێکە، مانگی رەشەممەی ساڵی ٩٠ هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە بەناوەکانی \"عەبدولعەزیز فوولادی و رەحمان فوولادی\" لە گوندی \"کانی رەش\"ی ناوچەی \"سۆما برادۆست\"ی ورمێ دەستبەسەر کرا.

دواتر رەحمان فوولادی بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و عەبدولعەزیز فولادی بە هەمان تاوان حوکمی سێدارەی بۆ برایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوکمی لەسێدارەدانی عەبدولعەزیز فولادی لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمەکەی لە بەرەبەری جێبەجێ کران دایە.

بە وتەی زۆرێک لەو کەسانەی کە لە زیندانەکانی ئێران ئازاد کراون، \" زیندانیانی مەحکووم بە سێدارە، بە بەردەوامی لەلایەن دەزگای قەزاییەوە هەڕەشەیان لەسێدارە دانیان لێ دەکرێت و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا زیندانیان چەندین جار بۆ بەڕێوە بردنی حوکمەکانیان هەتا بەر پەتی سێدارە دەبردرێن و دەیانگەڕێننەوە\".