حوکـمی لە سێدارەدان بۆ ژنێکی کورد خەڵکی شاری ماکۆ بڕایەوە

13:56 - 15 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێ، بە تۆمەتی \"زینا\"، لە لایەن لقی یەکی دادگوستەری شاری خۆی، حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپاوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"گوڵستان جنکانلو\"، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری ماکۆ، لە زیندانی شاری خۆی، بە تۆمەتی \"زینا\" لە لایەن لقی ١ی دادگوستەری ئەو شارە، حوکمی لە سێدارەدانی بە سەردا سەپاوە.

ڕۆژی ڕابردوو، ئەو حوکمە بە شێوەی زارەکی لە لایەن نووسینگەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی زیندانی خۆی بەو ژنە ڕاگەیاندراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە، ساڵی ڕابردوو(٩٦)، ئەو ژنەی بە تۆمەتی زینا لەگەڵ پیاوێک دەسبەسەر و دواتر بۆ زیندانی شاری خۆی ڕاگوێزراوە و دواتر پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، پاش سکاڵای مێردی ئەو ژنە، دۆسیەیەکی بۆ لقی یەکی دادگوستەری خۆی ڕەوانە کراوە و عەلی حەسەن‌زادە، بەرپرسی دادگوستەری شاری خۆی دۆسیەکەی بە ئەستۆ گرتووە و بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە حوکمی لە سێدارەدانی دەرکردووە.

شوناسی ئەو پیاوە هەتا ئێستا ناڕوونە.

لەو پەیوەندییەدا، سەرەتای مانگی خەزەڵوەر، ژنێکی تورک خەڵکی خۆی بە ناوی \"زەهرا درەخشانی\" بە هەمان تۆمەت لە زیندانی خۆی حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپابوو.