حوکمی قارەمانیی وەرزشوانێکی کورد بۆ کێبڕکێی ٢٠١٨ی وڵاتی ڕووسیە

14:27 - 23 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز، بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و میداڵی زێڕی کێبڕکێی \"ددلیفت\" حوکمی قارەمانی بە دەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئارش عەلیمورادی\"، وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز، لە کێبڕکێی \"ددلیفت\" لە دەستەی \"فوق سنگین\" لە ئێران، توانی بە سەر ڕکابەرکانیدا زاڵ ببێت و حوکمی قارەمانی بە دەست بێنێت.

ئەو وەرزشوانە کوردە، لەو کێبڕکێیەدا، پلە یەکەم و میداڵی زێڕی بە دەست هێنا و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کێبڕکێی \"فوق سنگین\" هەڵبژێردرا بۆ کێبڕکێی جیهانی و قارەمانییەکانی وڵاتانی ئورئاسیا، کە سالی ٢٠١٨ لە وڵاتی ڕووسیە بەڕێوە دەچێت.

ئارش عەلیمورادی، خەڵکی شاری سەقز و لە ساڵی ٥٩ی هەتاوی، لەو شارە لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هۆگری وەرزش بووە؛ هەروەها ناوبراو دوکتورای وەرزشی لە بەشی دەمار و ماسوولکەدا، هەیە.

سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم وەرزشی کوردستان، وەرزشوانانی کورد بەردەوام لە بواری وەرزشیدا لە بەشە جۆراوجۆرەکان سەرکەوتن بە دەست دەهێنن و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا بەشداریی بەرچاویان هەیە.