حوکمی ساڵێک زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووسێکی ئیلامی لە دادگا پشتڕاست کرایەوە

14:10 - 3 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ساڵێک زیندانی تەعزیری بۆ ڕۆژنامەنووسێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام ، لە لقی پێنجی دادگای پێداچوونەوەی ئەو شارە، پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"نەجەف مێهدی‌پوور\" خاوەن ئیمتیاز و بەرێوەبەری دوو حەوتوونامەی هەڵپسێردراوی \"باختر زمین\"،کە به تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و بێڕێزیکردن بە ڕێبەری حکوومەت\" بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا بوو، ئەم حوکمە لە لایەن لقی ٥ی دادگای پێداچوونەوەی شاری ئیلام، پشتڕاست کرایەوە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە ئیلامییە، ڕۆژی ٢٤ی خاکەلیوەی ئەمساڵ، له دادگای پێداچوونەوەی شاری ئیلام دوایین دادکۆکیی لە خۆی، کردبوو.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری ئیلام کرا و حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندرا.

دوو حەوتوونامەی \"باختر زمین\" بە هۆی بڵاوکردنەوەی گوتار و بابەتی ڕەخنەئامێز لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران ڕاگیراوە.

نەجەف مێهدپوور، کارناسی باڵای زانستی سیاسی و بەربژێری دەیەمین خولی مەجلیس بووە، کە شیاویەتی ناوبراو بە هۆی \"نەبوونی باوەڕ و پێبەند نەبوون بە ئیسلام و نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران\" لە لایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەت کرایەوە.