حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی هاووڵاتییەکی کورد بۆ ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیریی کەم کرایەوە

16:44 - 16 بەفرانبار 2720

حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عیرفان مورتزایی" تەمەن ٢٢ ساڵ کوری عیزەتوڵڵا خەڵکی شاری سەقز، پاش ناڕەزایەتی دەرنەبڕین بە حوکمی دادگا، ئەو حوکمە بۆ ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیریی بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکردنی پێشووی کەم کرایەوە.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە پشتبەستن بە مادەی ٤٤٢ یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، پەسەندکراوی ساڵی ٩٢، ئەو حکومەی دەرکردووە.

عیرفان مورتزایی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد مستەفایی" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

دادگا ئەو هاووڵاتییە بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران" تاوانبا کردووەر و دەرکردنی ئەو حوکمە دژی ئەو هاووڵاتییە بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بووە.

ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز بە شێوەی فەرمی بە عیرفان مورتزایی ڕاگەیاندراوە.

ئەم هاووڵاتییە سەقزییە ٢١ی خەزەڵوەر بە بێ نیشاندانی بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

"عیرفان مۆرتەزایی" پێشتر ئەندامی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ پاش گەڕانەوە بۆ ئێران ماوی ٤ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزدا دەسبەسەر بووە.

ئەم هاووڵاتییە مانگی جۆزەردان دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چوار مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

لقی ٣ی دادیاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری بانە، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاتوچۆی نایاسایی لە سنوور بانگهێشت و هەتا ئێستا حوکمی لەو پەیوەندییەدا، دەرنەکردووە.