حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی چالاکێکی مەدەنی لە دادگای پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە

11:29 - 20 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی ٦ساڵ زیندانیی تەعزیریی چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی مەریوان، لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بۆ یەک ساڵ کەم کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای پێداچوونەوەی سنە، حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی "ئارمان غەفووری"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوانی بۆ یەک ساڵ کەم کردەوە.

ئەو حوکمە بە شیوەی زارەکی بە پارێزەری ئەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندراوە و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا دەبێ "ئارمان غەفووری" خۆی بە بەشی بەڕێوەبردنی تاوانەکانی دادگای مەریوان بناسێنێت.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، ٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٥ مانگ لە گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بووە.

ئارمان غەفووری ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد و لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

هەروەها ئەو چالاکە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی مەریوان بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی پشتیوانی لە عەفرین"، بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٢٠ زەربە قامچی مەحکووم کرا.