حوکمی ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە

17:39 - 24 بانەمەڕ 2720

دیوانی باڵای وڵات حوکمی ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە ناوی "سەید ئارام ئەمین ‌زادە"ی پشتڕست کردەوە و ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، بەو زیندانییە عەقیدەتییە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە.

ئەو زیندانییە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی بۆکان دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر، لە قۆناغی سەرەتایی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای دروستکردنی گرووپی سەلەفی لە فەزای مەجازی"، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها ساڵێک زیندانیی تەعزیری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو مامۆستا کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کراوەتەوە و بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، ١٠ ساڵ لەو حوکمە دەبێ جێبەجێ بکرێت.