حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ دوو هاووڵاتی لە مەریوان و کرماشان بڕایەوە

11:37 - 24 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان و کرماشان کە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوون، بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "پشتیوان ئەفسەر"، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا، دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە، ٢٣ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی کرماشان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "موبین مورادیـ"ـی بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە کرماشان دەسبەسەر و ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرا.

وێنە: موبین مورادی و پشتیوان ئەفسەر