حوکمی ٤٠ ساڵ زیندانی بە دوور لە شوێنی لەدایکبوونی سەید "محەممەد حوسێنی" لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە

12:55 - 10 سەرماوەز 2721

حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان لە تەبعیدی (دوور لە شوێنی لەدایکبوون) سەید "محەممەد حوسێنی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دیوانی باڵای وڵات بەهۆی کەموکۆڕیی لێکۆڵینەوەکان، حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییەی هەڵوەشاندووەتەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی ئەو دادگایە کراوە کە ئەو حوکمەی بەسەر ناوبراودا سەپاندبوو.

سەید "محەممەد حوسێنی" بە تۆمەتی "محاربە" واتە دژایەتی لەگەڵ خودا لە ڕێگای ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو و ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان، بانگهێشتی ئیجرای ئەحکامی زیندانی نەغەدە کرابوو و ئەو حوکمە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی" بەڕێوە چووبوو.

سەید "محەممەد حوسێنی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەنووکە لە زیندانی نەغەدەیە.