حوکمی ١٦ ساڵ زیندان بۆ نێرگس محەممەدی پشتڕاست کرایەوە

15:07 - 8 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی ئێران حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی بۆ جێگری بەرپرسی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بڕییەوە.

لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران، حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی نێرگس محەممەدی پشتڕاست کردەوە.

بەهاری ئەمساڵ ئەو چالاکە ناسراوەی مافی مرۆڤ، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەڵاواتی\" بە تۆمەتی \"کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی وڵات\"، بە پێنج ساڵ زیندان، هەوەها بە تۆمەتی \"چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام\"، بە ساڵێک زیندان و هەروەها بە تۆمەتی \"پێکهێنان و ئیدارەی گرووپە نایاساییەکان\"، بە ١٠ ساڵ زیندان سزا دراوە.

ڕۆژی چوار شەممە ٧ی ڕەزبەر، ماڵپەڕی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بڕیاری کۆتایی دادگای پشتڕاست کردەوە.

نێرگس محەممەدی هەنووکە لە زیندانی ئیڤین دایە و تووشی دوو جۆر نەخۆشینی وەک\"ئاوسانی سی\"و \"ئیفلیجیی ماسوولکە\" بووە و بە وتەی پزیشکەکان ئەو نەخۆشینانە لە زیندان و ژینگە ئاڵۆزەکان زیاتر پەرە دەستێنن.

پێشتر، کۆمیساریای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵنێرانی بێ‌سنوور و ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە نیسبەت دۆسیەی قەزایی نێرگس محەممەدی نیگەرانی جیددییان دەڕبڕیوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنەی لە دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران سەبارەت بە ١٦ ساڵ حوکمی زیندانی نێرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ گرت و ڕایگەیاند؛ ئەو حوکمە نیشانەیەکی ڕوونە لە مەبەستی بەرپرسانی ئێران بۆ بێدەنگ کردنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤە بە هەر نرخێک بێت.

بەڕێوەبری لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، فیلیپ لوتێر سەبارەت بەو حوکمەی دادگای پێداچوونەوە گوتی؛ ئەو حوکمە زەربەیەکی بێ ڕەحمانە و وێرانکەرە لە مافی مرۆڤی ئێران کە نیشانی دەدات چلۆن بەرپرسانی ئێران بە چاوی سووکەوە چاو لە دادپەروەری دەکەن.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای ئازاد کردنی نێرگس محەممەدی کردووە.