حوکمی زیندانییەکی کورد زیاد کرا

21:32 - 1 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی زیندانیی چالاکێکی تێلێگرامی خەڵکی شاری ورمێ لە دوای کۆکردنەوەی حوکمەکانی زیاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی حوکمی زیندانییەکی کورد بە ناوی \"فەڕۆخ عەبدی\" بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی \"ئامانج\" کە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ دایە؛ لە دوای کۆکردنەوەی حوکمەکانی ماوەی زیندانییەکەی بۆ ٥ ساڵ زیندان زیاد کرا.

ئەو چالاکەی کاناڵی تێلێگرام، مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی \"دژایەتی و بێڕیزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران\" بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو کە دوای ناڕەزایەتی ناوبراو بە حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ کرایە ١٥ مانگ.

عەبدی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە دۆسییەکی دیکەدا بە تاوانی \"بێڕێزی بە پیرۆزییەکان\" لە لقی ١٠٢ی دادگای گشتی محاکمە و به ١٥ مانگ زیندانی مەحکووم کرا.

یەکێک لە نزیکەکانی فەڕۆخ عەبدی باسی لەوە کردووە، دوای کۆکردنەوەی حوکمەکان ماوەی زیندانیی ئەو زیندانییە کوردە کرایە ٥ ساڵ.

بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئامانج ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە شاری قشم لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

کاناڵی تێلێگرامیی ئامانج هەواڵی کوردستانی ئێران و باقی ناوچە کوردنشینەکانی ڕووماڵ دەکرد