حوکمی زیندانییەکی کورد بۆ ٢٠ ساڵ زیندان کەم کرایەوە

20:31 - 12 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی زیندانیی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی زیندانییەکی سیاسیی کورد، بە ناوی \"حاسڵ عەزیزی\" خەڵکی گوندی \"قەرەسەقەل\" لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، بۆ ٢٠ ساڵ کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کورده دوو منداڵی هەیە و بێ ئەوەیکە دان بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی بنێت بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

\"\"
حاسڵ عەزیزی

حاسڵ عەزیزی لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە \"تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران\" تاوانبار کراوە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆی بە ناوی \"هیدایەت عەبدوڵاپوور\" کوڕی \"ئەبووبەکر\" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی بۆ هیدایەت عەبدوڵاپوور و حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ حاسڵ عەزیزی، محەممەدزاهید فەرامەرزی،یەعقووب بائیکەرام،جەلال مەسرووری،کەمال مەسرووری و سدیق بائیکەرام دەرکرد.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی \"قەرەسەقەل\" سەر بە شاری شنۆی بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کردبوو.