حوکمی زیندانیی چالاکێکی کرێکاری لە دادگای پێداچوونەوەی سنە پشتڕاست کرایەوە

18:26 - 19 خاکەلێوه 2720

لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە بە سەرۆکایەتیی "مستەفا تەیاری"، حوکمی زیندانیی "کامران ساختمانگەر"، چالاکی کرێکاریی کورد کە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری لەگەڵ توندترین سزا مەحکووم کردبوو، پشتڕاست کردەوە.

دادگای پێداچوونەوەی سنە بە ڕەتکردنەوەی پێداچوونەوەی دۆسیەی ئەو چالاکە کرێکارییە، بە پشتبەستن بە بەندی ئەلفی مادەی ٤٥٥ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، بەرگەی فەرمیی پێداچوونەوەی پشتڕاست کردەوە و ئەوە بڕیاری کۆتاییە.

٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، "کامران ساختمانگەر"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حوسێن سەعیدی"، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە پێنج ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خەرمانانی ٩٨، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی لەمەڕ پشتیوانی لە مافی کرێکاران، لە باخی کەسیی سەید "عەلی حوسێنی"، چالاکێکی دیکەی کرێکاری، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری سەقز دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەز ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتووخانەی سنە ئازاد کراوە.