حوکمی زیندانیی هەتاهەتایی بۆ دوو هاووڵاتیی کورد

13:22 - 5 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکووم کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سابیر مامەدی تەمەن ٣٨ ساڵ و نەزمین حەیدەری تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی \"دێرک\"ی سەربە شاری سەڵماس لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا حوکمی زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە.

دەگوترێت کە کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ناوچەی سەڵماس بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری \"سەڵماس\"ـەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ ماوەی ٢ مانگ زیاتر لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارە لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون.

پارێزەری سابیر و حەیدەر رایگەیاندووە کە ئەو دوو زیندانییە کوردە سەرجەم تۆمەتەکانیان رەت کردۆتەوە و سکاڵایان لەسەر ئەشکەنجە دران و دانپێدانانی زۆرەملی تۆمار کردووە، بەڵام دادگای شاری سەڵماس بەبێ لەبەر چاوگرتنی سکاڵای ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕیونەتەوە.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە هەنووکە لە زیندانی شاری سەڵماس لە دەستبەسەریدان و ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.