حوکمی زیندانیی هاووڵاتییەکی کورد کەم کرایەوە

13:43 - 3 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی شەش ساڵ زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای پێداچوونەوەی ورمێ حوکمی شەش ساڵ زیندانیی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"خەلیل شاهی\" خەڵکی گوندی سینگان سەر بە شاری شنۆ بۆ سێ ساڵ زیندان کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٥، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ دەستەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری شنۆ به تۆمەتی \"هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە شەش ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.