حوکمی زیندانیی هاووڵاتییەکی کورد لەژێر گوشاری ئیتلاعاتدا زیادی کرد

15:30 - 23 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: حوکمی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، لەژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێدا، زیادی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ٨ مانگ زیندانییەکی کورد بە ناوی \"باپیر بەرزە\"، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی \"چیانە\"ی شاری پیرانشار، لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، دووبارە پێداچوونەوەی پێداکراوە و بۆ چوار ساڵ زیندانی زیاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی \"ئەحمەد قەڵاتەڕەشی و سڵێمان محەممەدنژاد\"، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار، بە ٢٥ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە، \"باپیرە بەرزە\" بە ٨ مانگ زیندان، \"ئەحمەد قەڵاتەڕشی\" بە ٥ مانگ و \"سڵێمان محەممەدنژاد\"، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە، \"باپیرە بەرزە\" کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی \"چیانە\"، بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی، \"ئەحمەد قەڵاتەڕشی\" بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن و \"سڵێمان محەممەدنژاد\"، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گەرگوول\"، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تەمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

لە لایەکی دیکەوە، حوکمی زیندانیکردنی دوو هاووڵاتیی دیکەی پیرانشاری بە ناوەکانی \"شێرکۆ عەلی‌محەممەدی\"، کوڕی ئەحمەد و \"کەیوان نژاد ڕەسووڵ\"، کوڕی محەممەد، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، لە ٥ ساڵ زیندان بۆ ٤ ساڵ کەم کرایەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەیان، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی\"ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کردبوو.