حوکمی زیندانیی "محەممەدخالید حەمزەپوور" لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە

18:40 - 11 پووشپەڕ 2722

حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی "محەممەدخالید حەمزەپوور"، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "خانلەر"ی شاری شنۆ، لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەو حوکمە چەند ڕۆژ پێش بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

محەممەدخالید حەمزپوورە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، محەممەدخالید حەمزەپوور، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ئازاد کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.