حوکمی زیندانی کچێکی کورد لە گرتووخانەی شاری مەهاباد بە پارە بۆ ئازادی گۆڕدرا

14:27 - 25 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی شەش مانگ تەعزیری کچە چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت بە پارە نەختی بۆ ئازاد بوون گۆڕدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، \"سەفا حەسەنپوور\"، کچە چالاکی خەڵکی شاری سەردەشت، حوکمی شەش مانگ زیندانی تەعزیریی بە دانی بڕی ٢ میلیۆن تمەن بۆ ئازادی گۆڕدرا و لە گرتووخانەی شاری مەهاباد ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز، ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە ناوی \"سوهەیلا زوبەیری\" تەمەن ٤٦ ساڵ، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی دوو ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا و ڕۆژی ڕابردوو، ڕەوانە گرتووخانەی شاری مەهاباد کرا.

ئەو دوو ژنە چالاکە کە دایک و کچن، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر کارەساتی هۆتێلی تارای مەهاباد، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپا.

لە ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کچێکی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"فەریناز خۆسرەوانی\" کە فەرمانبەری هۆتێل \"تارا\" بوو، بۆ پاراستنی نامووسی خۆی و پێشگیری لە دەستدرێژیی یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی \"ئیدارەی ئیتلاعات\"، لە نهۆمی چوارەمی ئەو هۆتێلە خۆی خستە خوارەوە و گیانی لە دەست دا.