حوکمی زیندانی فەرهاد محەممەدی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە دادگای پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە

12:21 - 19 جۆزەردان 2721

حوکمی چوار ساڵ زیندانیی تەعزیریی فەرهاد محەممەدی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە، بۆ ١٠ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی بەو پارێزەرە پلە یەکەی دادگوستەری ڕاگەیەندراوە.

فەرهاد محەممەدی، نێوەڕاستەکانی مانگی جۆزەردانی ٩٩، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

لقی١ی دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" ئەو حوکمەی بەسەر ئەو پارێزەرەدا سەپاندبوو.

ئەو پاریزەرە پلە یەکەی دادگوستەری، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، پاش بانگهێشتی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو ٤ی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا و ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ پاش ٦ مانگ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوی کاتی ئازاد کرابوو.