حوکمی زیندان بەسەر ٢ ئەندامی بنەماڵەیەکدا سەپا

13:19 - 23 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە تۆمەتی \"ڕێپێوان لەمەڕ دۆسییەی خۆکوژی فەریناز خۆسرەوانی\"، حوکمی دوو ساڵ زیندانی بۆ ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز، ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە ناوی \"سوهەیلا زوبەیری\" تەمەن ٤٦ ساڵ، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی دوو ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا و ڕۆژی ڕابردوو، ڕەوانە گرتووخانەی شاری مەهاباد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە کوردە، ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو حوکمەی بە سەردا سەپابوو و بە دانانی \"وەسیقەی\" ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز بۆ تێپەڕانی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی گرتووخانەی شاری مەهاباد کرا.

لە لایەکی دیکەوە یەکێک لە کچەکانی سوهەیلا زوبەیری، بە ناوی \"سەفا حەسەنپوور\" کە پێکەوە لەگەڵ دایکی لە لایەن دادگای ئینقلابەوە دادگایی کران، حوکمی ٦ مانگ زیندانی بە سەردا سەپا و ڕۆژی ڕابردوو پێکەوە ڕەوانەی گرتووخانەی شاری مەهاباد کران.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کچێکی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"فەریناز خۆسرەوانی\" کە فەرمانبەری هۆتێل \"تارا\" بوو، بۆ پاراستنی نامووسی خۆی و پێشگیری لە دەستدرێژیی یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی \"ئیدارەی ئیتلاعات\"، لە نهۆمی چوارەمی ئەو هۆتێلە خۆی خستە خوارەوە و گیانی لە دەست دا.