حوکمی زیندان بۆ چالاکێکی سیاسیی کورد بڕایەوە

14:29 - 28 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی سیاسیی کورد بەناوی \"کامەران دەرویشی\" لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ورمێ بە پێنج ساڵ حەبسی تەعزیری سزا درا.

ناوبراو کە لە نێوەڕاستی بانەمەڕی ئەوساڵدا دەستبەسەرکراوە تاکوو ماوەیەک پێش ئێستا لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لێپێجینەوەی لەگەڵ کراوە.

لقی دووی ئەم دادگایە بە سەرۆکایەتی \"قازی شێیخ‌لوو\"، ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێ لە حیزبە کوردییەکان\" حوکم داوە.

ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، نووسیویەتی: \"کامەران دەرویشی ئێستا لە بەندی ١٣ی گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ تێکەڵ بە زیندانییەکانی پێوەندیدار بە تاوانە مەترسیدارەکان کراوە.\"

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە کە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەیەکی ڕێژەیی دەنگی بە مەحکووم کردنی دۆخی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران دا.

لە بڕیارنامەی فەرمیی ئەو ڕێکخراوە جیهانییەدا داوا لە حکوومەتی ئیسلامی کراوە کە کۆتایی بە هەڵاواردن دژ بە نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران بێنێ و دەست لە سەرکوتی کەمینەکان بێنێت.

لینکی پێوەندیدار:
نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی مافی مرۆڤی ئێرانی مەحکووم کرد