حوکمی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە دادگا، بە ئێعدام و زیندانیی تەعزیری گۆڕدرا

12:17 - 8 رێبەندان 2719

حوکمی ١٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران، لە دادگوستەریی سنە، بە ئێعدام  گۆڕدرا و حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری "مەحموود سادقی"، زیندانیی سیاسیی دیکەی کامیارانی، بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو حوکمە ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی ڕێبەندان، بە شێوەی فەرمی بەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لە زیندانی ناوەندیی سنە، ڕاگەیەندراوە.

پێشتر، دادگای ئینقلاب، "حەیدەر قوربانیـ"ـی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو. هەروەها بە هەمان تۆمەت، ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەر "مەحموود سادقیـ"ـدا سەپاندبوو.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت، کۆتایییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری بۆ تێرۆرکردنی چەند کەسێک لە دەستوپەیوندییەکانی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.

"مەحموود سادقی"، ١٠ رۆژ پاش دەسبەسەرکرانی "حەیدەر قوربانی"، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعەتەوە بە هەمان تۆمەت دەسبەسەر کرابوو.