حكوومەتی ئێران دیسان پێشی بە ئاوی ئەڵوەند بۆ هاووڵاتییانی دیالە گرت

14:28 - 6 خاکەلێوه 2712
كوردپا: بەڕێوەبەری سەرچاوەكانی ئاوی پارێزگای دیالە لە عێراق رایگەیاند، حكوومەتی ئێران دیسان پێشی بە ئاوی ئەڵوەند گرتووە.

باسم مەجید داوای لە لێپرسراوانی پارێزگای دیالە كرد كە هەرچی زووتر ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن و بە حكوومەتی ئێران رابگەیەنن كە ئاوی ئەڵوەند بەردبداتەوە.

حكوومەتی ئێران هەموو ساڵێك لە وەرزی هاویندا ئاوی ئەڵوەند دەگرێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی زیان گەیشتن بە كشتوكاڵ و وشك بوونی باغ و رەزی هاووڵاتییان.

ماڵپەڕی ئاكانیوز، لە زاری \"باسم مەجید\"وە بڵاوی كردەوە، بەپێی رێككەوتنامەكان دەبێ‌ حكوومەتی ئێران لە هەر چركەیەكدا 7 میتری سێ‌ جا ئاوی ئەڵوەند بەربداتەوە.

رووباری ئەڵوەند یەكێكە لە رووبارەكانی كوردستان و لە چیای داڵاهۆوە سەرچاوە دەگرێ‌ و لە ئەنجامدا دەڕژێتە رووباری سیراونەوە و دواتر دێتە پارێزگای دیالە لە عێراق.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن ئێرانەوە چەندین جار پێشی ئاوی رووباری ئەڵوەند گیراوە و بۆتە هۆی كەم ئاوی و ویشكەساڵی و زەررە و خەسار لە وەرزێڕانی دەورووبەری خانەقین.

درێژای رووباری ئەڵوەند 160 كیلۆمیترە.