حكوومەتی ئێران ٣٤خوێندكاری هەرێمی كوردستانی سنوورداش كردەوە

20:11 - 18 جۆزەردان 2712
كوردپا: ١٨ خوێندکار لەو ٣٤ خوێندكارەی‌ هەرێمی كوردستان كە لە زانستگای كوردستان لە شاری‌ سنە دەخوێنن، دوای دەستبەسەر كردنیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە لە سنە، لە سنووری باشماخەوە سنورداش كرانەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی كاناڵی KNN، ١٨ خوێندكار لەو ٣٤ خوێندكارە كوردەی هەرێمی كوردستان كە بە شێوەی یاسایی و فەرمی داوای خوێندنیان پێشكەش بە زانستگای كوردستان لە سنە كردووە، بە بیانووی نەبوونی ویزای خوێندن رۆژی چوارشەممە لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دیپۆرت كرانەوە.

یەكێك لەو خوێندكارانە بە KNNی‌ راگەیاندووە، ٣٤ خوێندكار لە هەرێمی كوردستانەوە بە شێوەیەكی فەرمی داوای خوێندنی ماستەریان بۆ ساڵی خوێندنی (١٣٩٠- ١٣٩١)٢٠١١-٢٠١٢ پێشكەش بە زانستگای كوردستان لە شاری‌ سنە كرد، بەڵام دوای‌ تەواوكردنی دوو كۆرس خوێندن لە كۆی‌ چوار كۆرس هەتا ئێستا بە فەرمی لەشاری‌ سنە مۆڵەتی مانەوەیان پێنەدراوە.

ئەو خوێندكارە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش كردووە، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٦ی جۆزەردان ئەو١٨ خوێندكارە لەشاری‌ سنە بانگهێشتی فەرمانگەی‌ نشینگەی‌ ئەو شارە كراون ‌و دوای‌ لێپرسینەوە و دەستبەسەركردنیان لەگەڵ ژمارەیەك لە هێزە ئەمنیەتییەكان رەوانەی‌ سنووری باشماخ و لەوێشەوە بۆ هەرێمی كوردستان سنوورداش كراونەتەوە.
\"4801.jpg\"
سنووری باشماخ: وێنەی خوێندکارانی سنوورداش کراو
١٦ خوێندكارەكەی‌ دیكەش رێگەیان پێنادرێت بۆ خوێندنەكەیان بچنە ناو خاكی ئێران‌ و هەر لە هەرێمی كوردستان ماونەتەوە.

ئەو خوێندكارە راشیگەیاندووە، ئێمە بە شێوەی فەرمی و یاسایی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هەردوو كۆنسوولگەریی ئێران لە هەولێر و سلێمانی و باڵوێزخانەی ئێران لە بەغداوە رێگەمان پێدراوە كەلە سنە بخوێنین، بەڵام نەبوونی ویزای خوێندنیان کردە بیانوو و ئێمەیان سنوورداش كردۆتەوە.

ئەم هەڵوێستەی حكومەتی ئێران لە كاتێك دایە كە ساڵی پار لەلایەن ئێران و عێراقەوە لە چوارچێوەی خوێندن و پرسە زانستییەكاندا رێككەوتنێك كراوە و لە زانستگای سەلاحەدین كۆلێژی زمان و ئەدەبی فارسی هەیە و ساڵانە بە سەدان خوێندكاری كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە مەبەستی خوێندن روو دەكەنە زانستگا و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و درێژە بە خوێندن دەدەن.

بەڵام بڕوانامەی زانستگاكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن ناوەندە زانستی و زانستگاكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە فەرمی ناناسرێت و متمانەی پێناكەن.

وێنە: KNN