حوسێن‌پەناهی: لەسەدا ٤٠ی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی ئێران، هاووڵاتییانی کوردن

22:13 - 22 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کورد لە کۆنفڕانسی لەقاودانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، چەند وتەیەکی لەسەر پرسی مافی مرۆڤ پێشکەش کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێیەمین کۆنفڕانسی لەقاودانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، لە شاری ژنێڤ و بە میوانداریەتی لە ئەمجەد حوسێن پەناهی لە کوردستانی ئێرانەوە، بەرێوەچوو.

ئەو چالاکە مافی مرۆڤییە سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە قسەی کرد.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەوەیکە دەوڵەت پلانی ئەمنی لەسەرووی پلانە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانەوە دادەنێت، رایگەیاند؛ ئامارەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە زیاتر لە سەدا ٤٠ی زیندانییە سیاسییەکانی وڵاتی ئێران، چالاکانی سیاسی ومەدەنیی کورد پێکی دینن.

حوسێن پەناهی، کە رۆژی هەینی ئەو قسانەی کردووە، ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە بڕینەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ ١٥ چالاکی سیاسیی کورد لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، نیشانەی زیادبوونی فشارێکی لەرادەبەردەر بۆسەر خەڵکی کوردستانی ئێرانە.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا گوتووشیەتی؛ دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لەبری ئەوەیکە متمانەی لەدەستچووی خەڵک بخاتە سەرووی پلانەکانییەوە، پەنای بۆ سەرکوت و پێکهێنانی دۆخێکی ئەمنیەتی و کپ کردنی خواستی یاسایی کوردەکان بردووە و ئەمەش بێ‌متمانەیی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەو کۆنفڕانسەدا، ئەمجەد حوسێن‌پەناهی بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاماری دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کوردی ١٤٠ حاڵەت لە قەڵەم داوە، کە ١١١ کەسیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان و مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستەبسەر کراون.

لەو دانیشتنەدا، ئیلاهە ئەمانی لەسەر پرسی \"پێشیلکاریی مافی ژنانی زیندانی کراو\" و نیما پووریەعقووب لەسەر پرسی \"رێگری کردن لە چارەسەریی پزیشکی و دەرمانی زیندانیان\"گوتاریان پێشکەش کرد.

ئەو دانیشتنە لەلایەن رێکخراوی ناحکوومیی \"سویدیند\"ەوە رێکخرابوو.

رێکخراوی سویدیند ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوەو لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینیەوە پلەی راوێژکاریی شۆرای ئابووریی کۆمەڵایەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێدراوە.
\"22052.jpg\"

\"22053.jpg\"

\"22054.jpg\"