حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: کۆڵبەری پیشە نییە و دەرخەری بارودۆخی ئابووریی کوردستانە

15:33 - 20 خاکەلێوه 2718

ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، پرسی کۆڵبەران لە کوردستان بووەتە تراژدیایەک و حکوومەتی ئێران بە هەڵسوکەوتی توند لەگەڵ کۆڵبەران هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەدات.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ٩٦دا، ٢١٢ کۆڵبەری کورد بە هۆکاری جۆراوجۆر لە کوردستان کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە، زۆرترین ڕێژەی کۆڵبەران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

ئامانج لە تەقەکردن لە کۆڵبەرانی کورد و کوژرانی کۆڵبەران لە کاتێکدایە، کە زۆرترین هاووڵاتییان کورد بە هۆی نالەباریی بواری ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار و بێکاربوون لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن و لەگەڵ گیان لە دەستدانیان بەرەوڕوو دەبنەوە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"کۆڵبەری نیشانەی بارودۆخی خراپی ئابووری و گەشەنەکردووی کوردستانە\".

ناوبراو لە پەیوەندیی لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری لە کوردستان دەڵێت: ڕەنگە پرسی کۆڵبەری لەسەر گۆی زەوی و زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتی جیهان، تەنیا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا بەرچاو بکەوێت، لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە نییە، کە کەسێک بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ناچار بێت، خۆی لە شاخ و کوێستانەکان بدات و لە بڕی ١٠٠ هەتا ٢٠٠ هەزار تمەن گیان خۆی بخاتە مەترسییەوە، دیاردەی کۆڵبەری ساڵانێکە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران سەری هەڵداوە و لە ڕێژیمی پێشووش ئەم دیاردەیە هەر هەبووە، بەڵام کەمتر؛ بەڵام لە ئەمڕۆدا و لە سەردەمی نوێدا کە تکنۆلۆژی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جیهانی تەنیوە، بوونی دیاردەی کۆڵبەری لە سەرزەویەکی دەوڵەمەند لە نەوت و پڕ بەرەکەتی وەک ئێران، مایەی سەرسووڕمان و جێی شەرمی بەرپرسانی حکوومەتییە. کۆڵبەری کارێکی هاوردە یا پیلانی دوژمنانی دەرەکی نییە، بەڵکوو هەڵاواردن، نابەرانبەری، نەبووژانەوە و بێکاری و نەبوونی یەکە پیشەیییەکانە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم پیشەیەیە. کۆڵبەری نیشانی خۆڕانەگریی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوڵەتەکان بە نیسبەت یەک ناوچە یان بەشێک لە وڵاتە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکرێت جەمسەرێکی چالاک لە پێشکەوتوویی ئابووری و پەرەسەندنی ئاژەڵداری، گەشتیاری \"صنایع تبدیلی\" و لە لایەکی دیکەوە لە بیاڤی بازرگانی بێت، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەی ئەم کارە نیشان دەدات.

دەقی تەواوی ئەم وتووێژە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە.